Erbil 31°C پێنجشەممە 20 ئاب 12:09

هەولێر؛ 290 کارتی دیکەی زەوی کران بە تاپۆ

100%


پڕۆسەی گۆڕینی کارتی زەوی بۆ سەنەدی تاپۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر بەردەوامی هەیە و لە قۆناغێکی نوێدا 290 کارتی دیکە وێنەی تۆمارەکانیان گەڕاوەتەوە و ئامادەن بۆ ئەوەی ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە.

بەپێی ئامارێکی نوێی "یەکەی گۆڕینی کارتی زەوی بۆ سەنەد" کە سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، ئەم زەوییانە دەکەونە کەرتی 105ی پیرداود و 107ی دووسەرەفەتاح لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی شەماک.

ئەم یەکەیە ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم کارتەکان دەکرێنە سەنەدی فەرمی. خاوەنی ئەو زەوییانەی کە وێنەی تۆمارەکانیان گەڕاوەتەوە، دەتوانن لە ئێستاوە مامەڵەکانیان تەواو بکەن بۆ وەرگرتنی سەنەدی فەرمیی زەوییەکانیان، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین قۆناغی دیکەی گۆڕینی کارت بۆ سەنەد لە ناوچە جیاوازەکانی هەولێر ئەنجام دراون.

کێشەی زەوییە کارتەکان لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژی هەیە و هەزاران هاووڵاتی بۆ ساڵانێکی زۆر تەنیا خاوەنی کارت بوون، کە نەدەتوانرا بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی فەرمییان پێوە بکرێت یان مۆڵەتی بیناسازییان بۆ وەربگیرێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لە ڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و سەرجەم زەوییە کارتەکان لە سنووری شارەوانییەکان بگۆڕێت بۆ سەنەدی تاپۆ، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی زەویوزار و پاراستنی مافی خاوەندارێتی هاووڵاتییان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.