Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 08:44

ژمارەی قوربانییەکانی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئوستراڵیا گەیشتە 16 کوژراو و 40 بریندار

کوردستان TV
100%

پۆلیسی ویلایەتی "نیو ساوس وێڵز" لە ئوسترالیا بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە چەکدارییەی کرایە سەر کەناراوی بەناوبانگی شاری سیدنی، "کردەوەیەکی تیرۆریستی" بووە. بەپێی نوێترین ئامارەکان کە پۆلیس بڵاوی کردۆتەوە، ژمارەی قوربانییان بۆ ١٦ کوژراو و لانیکەم ٤٠ بریندار بەرز بووەتەوە.

ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە کەناراوی "بۆندی بیچ" ڕوویداوە کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئوسترالیا. بەرپرسێکی ویلایەتەکە ئاشکرای کردووە کە ئامانجی هێرشەکە "کۆمەڵگەی جووەکان" بووە، کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی ساڵانەی جەژنی ئایینی "هانۆکا" بوون.

بە وتەی پۆلیس، دوو هێرشبەر کە باب و کوڕ بوون، تەقەیان لە ئامادەبووان کردووە. لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزە ئەمنییەکاندا، یەکێک لە هێرشبەرەکان کوژراوە و ئەوی دیکەشیان بە برینداری دەستگیرکراوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە. هەروەها پۆلیس دەستی بەسەر "کەرەستەیەکی تەقەمەنی"دا گرتووە کە لەناو ئۆتۆمبێلی هێرشبەرەکاندا بووە.

هاووڵاتییەک بە ناوی "هاری ویڵسۆن" کە لە نزیک ڕووداوەکە بووە، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: "لەم دیمەنە ترسناکەدا لانیکەم ١٠ کەسم بینی لەسەر زەوی کەوتبوون و هەموو شوێنێک خوێنی لێ دەچۆڕا."

گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیاڵ میدیاش دیمەنی خەڵک پیشان دەدەن کە بە بیستنی دەنگی تەقە و ئاژێری پۆلیس، بە پەلە و بە ترسەوە هەڵدێن.

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، دەستبەجێ هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" وەسف کرد و وتی: "تیرۆریستەکان خوشک و برایانی ئێمەیان لە سیدنی کردە ئامانج لە کاتێکدا دەیانویست یەکەم مۆمی جەژنی هانۆکا داگیرسێنن."

ئەلێکس ریۆچین، لە ئەنجومەنی جێبەجێکاری جووەکانی ئوسترالیا، ڕووداوەکەی بە "کارەساتێکی سامناک" ناوبرد و وتی: "ئەگەر بەم شێوەیە بە ئەنقەست کرابینە ئامانج، ئەوا قەبارەی کارەساتەکە لە خەیاڵ بەدەرە."

ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، داوای لە خەڵک کردووە لە ناوچەکە دوور بکەونەوە و پابەندی ڕینماییە ئەمنییەکان بن.

ئەم هێرشە بە یەکێک لە خوێناویترین ڕووداوەکان لە مێژووی نوێی ئوسترالیادا دادەنرێت و ترسی پەرەسەندنی توندوتیژی دژە-جووی لێ کەوتووەتەوە. ڕووداوەکە نزیکەی ١١ ساڵ دوای هێرشەکەی کافتریای "لینت" دێت لە سیدنی، کە تێیدا ژمارەیەک هاووڵاتی بە بارمتە گیران و کوژران.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.