Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 05:27

وەزارەتی ئەوقاف وادەی تەواوکردنی مامەڵەی حاجیانی بۆ هەفتەی داهاتوو درێژکردەوە

کوردستان TV
100%


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە ناویان لە تیروپشکدا دەرچووە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی ڕاییكردنی مامەڵەکانیان دراوە و ئەمەش وەک دەرفەتێک دیاری کراوە بەر لەوەی یەدەگەکان جێگەیان بگرنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و کارئاسانی بۆ حاجیانی ئازیز، بە فەرمانی جەنابی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی تەواوکردنی مامەڵەی حاجیان تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ڕێکەوتی 8ـی کانوونی یەکەمی 2025".

وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ ئەو بەڕێزانەی ناویان لە پڕۆسەکەدا دەرچووە، یان ئەوانەی ڕێنمایی دەستبەرداربوون (تنازول) دەیانگرێتەوە تاوەکو بتوانن بەبێ گرفت مامەڵەکانیان تەواو بکەن".

لەبارەی دەرەنجامی دواکەوتن لەو وادەیە، کاروان ستونی هۆشداری دا ڕۆژی دووشەممە کۆتا وادەیە و دوای ئەو ڕێکەوتە، هەر کەسێک مامەڵەکەی تەواو نەکردبێت، راستەوخۆ ناوە "یەدەگەکان" شوێنیان دەگرنەوە و مافی سەفەرکردنیان پێ دەدرێت.

پڕۆسەی حەج ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تیروپشکەوە ئەنجام دەدرێت و بەهۆی سنوورداربوونی پشکی دیاریکراو لەلایەن دەستەی باڵای حەجی عەرەبستانی سعوودیەوە، پابەندبوون بە وادەکان زۆر گرنگە.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە هەوڵ دەدات پێش دەستپێکردنی وەرزی حەج، سەرجەم ڕێکارە ئیداری و تەندروستی و ڤیزەی حاجیان تەواو بکات تاوەکوو لە کاتی گەشتکردندا تووشی گرفت نەبن.

 بابەتی "دەستبەرداربوون"ـیش یەکێکە لەو ڕێکارانەی ڕێگە دەدات کەسی دەرچوو مافی خۆی ببەخشێت بە کەسێکی پلە یەکی خێزانەکەی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.