Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 23:04

ئیسرائیل بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: هەرگیز بەرزاییەکانی جۆلان بەجێ ناهێڵین

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا بوونی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان بە "نایاسایی" ناو دەبات، باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە چالاکییە "مەترسیدارەکانی" گرووپە چەکدارەکان لە سووریا، جەختی کردەوە ئیسرائیل هەرگیز بەرزاییەکانی جۆلان بەجێ ناهێڵێت.

شەوی سێشەممە، ڕێکەوتی 2ی کانوونی یەکەمی 2025، دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەرزاییەکانی جۆلانی بە "هێڵێکی بەرگریی هەستیار" بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئیسرائیل وەسف کرد و ڕایگەیاند، پەسەندکردنی ئەم بڕیارە جارێکی دیکە ئەوەی دەرخست کە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "چەندە لە ڕاستییەکانەوە دوورە".

دانۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە "لە جیاتی ئەوەی باس لە تاوانەکانی بەرەی ئێران و چالاکییە مەترسیدارەکانی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا بکات، داوا لە ئیسرائیل دەکات لە بەرزاییەکانی جۆلان بکشێتەوە".

ناوبراو جەختی کردەوە: "ئیسرائیل نە دەگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی ساڵی 1967 و نە بەرزاییەکانی جۆلان بەجێ دەهێڵێت؛ نە ئێستا و نە هیچ کاتێکی دیکە."

ڕۆژی 2ی کانوونی یەکەم، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارێکدا داگیرکاری و بەستنەوەی کردەیی بەرزاییەکانی جۆلانی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە "نایاسایی" ناساند و داوای کرد ئیسرائیل بۆ سنوورەکانی 4ی حوزەیرانی 1967 بکشێتەوە. بەپێی بڕیارەکە، هەنگاوەکەی ئیسرائیل لە 14ی کانوونی یەکەمی 1981 بۆ سەپاندنی یاسا و دەسەڵاتی خۆی بەسەر جۆلاندا "بەتاڵ و بێ بنەمایە".

ئەم بڕیارە کە ڕەشنووسەکەی لەلایەن میسرەوە ئامادە کرابوو، بە دەنگی 123 وڵات، دژایەتی 7 وڵات و بێلایەنیی 41 وڵات پەسەند کرا.

لە بەرامبەردا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرگریی لە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، حکومەتەکەی دوای هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر سوورە لەسەر پاراستنی هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە جێگیربوونی تیرۆریستان. هەروەها دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕاوی لە دیمەشقەوە تا چیای شێخ (هەرمۆن) وەک مەرجی پێشوەختە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا دیاری کرد.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە دروستکردنی ناسەقامگیری لە سووریا هۆشداریی دایە ئیسرائیل و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی کاریگەر لەگەڵ دیمەشق کردەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.