Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 23:06

قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە

کوردستان TV
100%


سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان، هەردوو سایدی سەرەکیی قۆناغی یەکەمی شەقامی 100 مەتریی شارەکەیان کردەوە، ئەوەش پێش وادەی دیاریکراوی تەواوبوونی یەکجارەکیی پڕۆژەکە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 2ی کانوونی یەکەمی 2025، فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، هەردوو سایدی سەرەکیی شەقامەکەی کردەوە. سەبارەت بە شێوازی هاتووچۆ لەم شەقامەدا ڕایگەیاندووە "ئاراستەی کەرکوک بەرەو ڕێگای قەرەداغ بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەبێت، بەڵام سایدی ڕۆشتوو لە ڕێگای قەرەداغەوە بۆ تاسڵوجە، بەهۆی تەواونەبوونی پردی تاسڵوجەوە، دەخرێتەوە سەر ڕێگای سلێمانی- کەرکوک".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، کردنەوەی ئەم بەشەی شەقامەکە لەسەر داواکاریی زۆری هاووڵاتییان بووە بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆدی ترافیک و قەرەباڵغی ناو شار، بەتایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "هەرچەندە کاتی کردنەوەی تەواوی شەقامی 100 مەتری بە فەرمی دەکەوێتە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو، بەڵام کارکردن لە بڕگە و قۆناغەکانی دیکەی پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار و بە سەرپەرشتیی فەرمانگەی پەیوەندیدار تا تەواوکردنی سەرجەم بڕگەکان بەردەوام دەبێت".

لە کۆتاییدا شارەوانیی سلێمانی وێڕای پیرۆزبایی لە هاووڵاتییان، داواکارە لە شۆفێران پابەندی ڕێنماییەکان و خێرایی دیاریکراوی شەقامەکە بن.

لە ڕێکەوتی 11ی تەمووزی 2020، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی (شاڕێی بابان)ـی دانا و بودجەی ئەم پرۆژەیە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین کراوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.