سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا ڕایگەیاند، ئێستا هەلومەرجێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و دەبێت حکوومەتی داهاتوو ڕەنگدانەوەی دەنگی خەڵک و ئەنجامی هەڵبژاردن بێت. هاوکات جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کریستۆفەر بۆوم، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. هەروەها باس لە هەنگاوەکانی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرا.
تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، لەم بارەیەوە مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە "ئێستا هەلومەرجێکی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ هاتووەتە ئاراوە و پێویستە لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشی تیرۆریستیی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، دواین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا تاوتوێ کران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.