Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 09:06

دیندار زێباری: هێرشکردنە سەر کۆرمۆر پێشێلکردنی زەقی بنەما نێودەوڵەتییەکانە و دەبێت ڕێگری لێ بکرێت

کوردستان TV
100%

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە توندی ئیدانە دەکات و بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە بە پێشێلکردنێکی زەقی مافەکان و ڕاسپاردە جیهانییەکان دادەنێت، هاوکات داوای دەستبەجێ ڕێگریکردن لەم جۆرە پەلامارانە دەکات.

ڕۆژی هەینی، 28ی نۆڤەمبەری 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، شەوی 27ی نۆڤەمبەر لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە هێرش کرایە سەر وێستگەی غازی کۆرمۆر. بەگوێرەی بەیاننامەکە، هێرشەکە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی وێستگەکە و بڕانی تەزووی کارەبا لەسەر تەواوی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش زیانی گەورەی بە ژێرخانی وزە و ژیانی هاووڵاتییان گەیاندووە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و وزە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای بنەما و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە. ئەم جۆرە کردەوانە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ڕاسپاردە جیهانییانەن کە جەخت لەسەر پاراستن و دابینکردنی مافەکان دەکەنەوە، بەتایبەتی پەیماننامەی نێودەوڵەتی(مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان). بەپێی ئەم پەیماننامەیە و ڕاسپاردەکانی خولی (48)ەمینی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، دەستدرێژییە بۆ سەر مافی ژیان و خۆشگوزەرانی گشتی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ڕۆڵی کارای خۆیان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بگێڕن کە مەترسین بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە. هاوکات داواکارە بە زووترین کات بکەران و پلاندارانانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە تا سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.