لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم کاروانی چوارەمی تووشبووانی تالاسیمیای بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک، بە خەرجیی حکوومەت ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرد.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 28ی نۆڤەمبەری 2025، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گرووپێکی دیکە، کە لە 52 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان (نەخۆش، بەخشەر و هاوەڵەکانیان) پێکهاتبوون، دوای تەواوکردنی پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکییەکان، ڕەوانەی نەخۆشخانە نێودەوڵەتییەکان کران.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوە، مانەوە، پشکنین و نەشتەرگەری و چارەسەرییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە لە ئەستۆ گیراوە.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەی ناردنی 140 تووشبووی تالاسیمیا (ئەوانەی بەخشەریان هەیە و ئەوانەشی نییانە) بۆ نەخۆشخانە نێودەوڵەتییە خاوەن متمانەکان (JCI) کە بودجەی نزیکەی 11 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەڕێکردنی کاروانەکەدا، وێڕای گەیاندنی پەیامی پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا 172 هاووڵاتی لە نەخۆشخانەکاندان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. هەروەها ڕایگەیاند لە ڕۆژانی داهاتوودا کاروانی پێنجەمی تووشبووان و هاوەڵەکانیان بۆ هەمان مەبەست بەڕێ دەکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.