Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 14:35

ئەندامێکی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا گیانی لەدەست دا

کوردستان TV
100%


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، یەکێک لەو دوو سەربازەی پاسەوانی نیشتمانی کە شەوی ڕابردوو لە نزیک کۆشکی سپی تەقەی لێ کرا، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی دا ڕێکاری زۆر توند بەرامبەر بە کۆچبەران بگرێتە بەر و هاتنی خەڵک لە ژمارەیەک وڵاتەوە بۆ هەمیشە ڕابگرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە (28ی نۆڤەمبەری 2025)، دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدا لەگەڵ سەربازانی ئەمریکی سەرقاڵی بەسەربردنی جەژنی سوپاسگوزاری بوو، هەواڵی گیانلەدەستدانی سارا باکسترۆمی تەمەن 20 ساڵی پشتڕاست کردەوە.

 پەم بۆندی، وەزیری داد، بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو کە باکسترۆم خۆبەخشانە داوای کردبوو لە پشووەکانی جەژندا لە پایتەخت ئەرک وەربگرێت.

 ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی تەندروستیی ئەندرۆ وۆڵف، سەربازەکەی دیکە و ڕەحمانوڵڵا لاکنواڵ، گومانلێکراوە ئەفغانییەکەش، ناجێگیرە.

کاردانەوەکانی ترەمپ و گۆڕینی سیاسەتی کۆچبەران

سەرۆکی ئەمریکا سارا باکسترۆمی وەک "کەسێکی نایاب و گەنجێکی خەڵکی وێست ڤێرجینیا" وەسف کرد. لە کاردانەوەی ئەم ڕووداوەدا، ترەمپ ڕایگەیاند کە کۆچکردن لەو وڵاتانەی ئەو بە "جیهانی سێیەم" ناویان دەبات، بۆ هەمیشە ڕادەگرێت.

ترەمپ هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی سەرجەم ئەو وەرگرتنانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە سەردەمی بایدن بە شێوەی "نایاسایی" کراون و هەر کۆچبەرێک ئاسایشی ناوخۆ تێک بدات، هاووڵاتیبوونی لێ دەسەنرێتەوە و سوودمەند نابێت لە هیچ هاوکارییەکی فیدراڵی.

پاشخانی گومانلێکراوەکە و پەیوەندی بە CIA

جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA) ئاشکرای کردووە کە گومانلێکراوەکە پێشتر لە ئەفغانستان کاری بۆ کردوون و ئیدارەی بایدن بەهۆی ئەو پاشخانەوە ڕێگەی پێ داوە بێتە ئەمریکا. ڕەحمانوڵڵا لاکنواڵ لە مانگی سێپتەمبەری 2021 گەیشتووەتە ئەمریکا و سەرەتای ساڵی 2024 داواکاریی مافی پەنابەرێتییەکەی پەسەند کراوە.

بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو پێشتر ئەندامی هێزە تایبەتەکانی ئەفغانستان (یەکەی 03ی قەندەهار) بووە کە بە هێزەکانی "عەقرەب" ناسراون و ئەرکیان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بووە بۆ CIA. سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە ناوبراو پسپۆڕی بواری شوێنهەڵگرتن (GPS) بووە.

پێداچوونەوە بە دۆخی مانەوەی بیانییەکان

دوای ئەم تەقەکردنە، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لێکۆڵینەوەی تیرۆریستیی نێودەوڵەتی دەست پێ کردووە. هاوکات ئەمریکا بڕیاری داوە پێداچوونەوە بە دۆخی مانەوەی هەمیشەیی هاووڵاتییانی ئەفغانستان، ئێران و 18 وڵاتی دیکەدا بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ پێشتر بە فەرمانێک هاتنی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی قەدەغە کردبوو و سنوورداریی بۆ 7 وڵاتی دیکەش دانابوو.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.