هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەتوندی هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆری ئیدانە کرد و ڕایگەیاند هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و ئاشکرانەکردنی هێرشبەران هاندەر و درێژەپێدەری ئەم ناڕەوایەتییانە دەبێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، هێرشی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆری ئیدانە کرد و ڕایگەیاند "پێویستە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان، ئەرکی پاراستن و ئاسایشی هەموو وڵاتە بەو ناوچانەیشەوە، مکوڕانە لە ئەستۆ بگرن".
هەڤال ئەبووبەکر جەختی کردووەتەوە " هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی و ئاشکرانەکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە ڕابردوو و ئێستادا ئەم تاوانانە دەرهەق بەهەموو خەڵک و خاک و سامان و ئاسایش و سەروەریی عیراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن؛ هاندەرو درێژەپێدەری ئەم ناڕەوایەتییانە دەبێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە "بەردەوامبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش؛ زەمینەی لەبار بۆ هەر دەست و پیلانێکی ڕەش ئاواڵادەکات و دوژمن بە ماڵمان فێردەکات".
پارێزگاری سلێمانی داوای کردووە کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت و وڵات لە هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بپارێزرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.