شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق وردەکاریی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی و غەدرئامێز" وەسفی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025 شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردووەتەوە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی کێڵگەکە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بەرژەوەندیی عێراقییەکان و بە ئامانجی دروستکردنی ئاستەنگە لە بەردەم سەقامگیریی ئەمنی و ئابووریی وڵات."
سەبارەت بە کاریگەرییەکانیش، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم دەستدرێژییە کاریگەری و دەرەنجامی نەرێنیی لەسەر سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت، بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، جگە لەوەی زیان بە سەرچاوەکانی وزەی وڵات دەگەیەنێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بەڵێنی سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەکەی داوە و ڕایگەیاندووە: "ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشانەوەن سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ئەم کارە ترسنۆکانەیە دەگیرێتەبەر".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.