کۆمپانیای دانەغازی ئیمارات ڕایگەیاند لە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، یەکێک لە کۆگاکانی شلە لەو کێڵگەیە بە ئامانج گیراوە و هێرشەکەش بە مووشەک بووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمپانیای دانە غاز لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە هێرشی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕایگەیاند: یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی شلە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆری هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشی مووشەکەوە گڕی گرتووە.
دانەغاز ئاماژەی بەوەش کردووە لەو هێرشەدا هیچ کارمەندێکی ئەم کۆمپانیایە بریندار نەبووە و بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و خەمڵاندنی زیانەکان ڕاگیراوە.
جەختیشی کردووەتەوە لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری دەسەڵات بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن دەست پێ بکەنەوە.
کاتژمێر 11:30 شەوی ڕابردوو هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ڕاگیران.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا کارەبای نیشتمانی لە 24 کاتژمێرەوە بۆ 5 کاتژمێر کەم بووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.