میدیاکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕووداوێکی تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی لە واشنتۆن ڕووی دا و بەهۆیەوە دوو ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی بریندار بوون. بەهۆی ڕووداوەکەوە دەروازەکانی کۆشکی سپی داخران و سەرۆکی ئەمریکاش لەو کاتەدا لە کۆشک نەبووە.
میدیاکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، بڵاویان کردەوە کە ڕووداوێکی تەقەکردن لە دووریی چەند باڵەخانەیەک لە کۆشکی سپی لە واشنتۆنی پایتەخت ڕووی داوە و بووەتە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووداوەکە لە ناوچەی مەیدانی "فاراگوت" لە یەکتربڕی شەقامەکانی 17 و I لە ناوەڕاستی پایتەخت ڕووی داوە، کە ناوچەیەکە بەزۆری جموجۆڵێکی زۆری فەرمانبەران و گەشتیارانی تێدایە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە دوو ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی دوای برینداربوونیان بە گولـلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، هاوکات باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە ژمارەی بریندارەکان بگاتە سێ کەس، بەڵام تا ئێستا زانیاریی ورد لەبارەی دۆخی تەندروستییانەوە نییە.
پۆلیسی پایتەخت و تیمەکانی فریاکەوتن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ناوچەکەیان گەمارۆ داوە، داواشیان لە هاووڵاتییان کردووە تا تەواوبوونی ڕێکارە ئەمنییەکان لەو ناوچەیە دوور بکەونەوە. پۆلیسی واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی ئەنجامدەر یان پاڵنەری ڕووداوەکەیان ئاشکرا نەکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئەمریکا پشتڕاستیان کردەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی ڕووداوەکەدا لە کۆشکی سپی نەبووە، بەو پێیەی پشووی کۆتایی هەفتە لە ویلایەتی فلۆریدا بەسەر دەبات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.