سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2026ـەوە، فێستیڤاڵێکی گەورە لەبەردەم قەڵای هەولێر ساز دەکات کە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت. داواش لە کاسبکاران و بەهرەمەندان دەکات بۆ وەرگرتنی شوێن بە بێ بەرامبەر، سەردانیان بکەن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەپێناو نیشاندانی سیمایەکی جوانتر و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی شارەکە، هەڵدەستێت بە سازدانی فێستیڤاڵێک لە سەنتەری شار و لەبەردەم قەڵای هەولێر.
فێستیڤاڵەکە نمایشکردنی کاڵا و بەرهەمی بڕاندەکان، کردنەوە و دانانی چەندین کۆشک و کەپر بۆ بەهرەمەندانی دەستڕەنگین و شێفی خواردنە کوردەوارییەکان لەخۆ دەگرێت.
سەبارەت بە شێوازی بەشداریکردن، شارەوانیی هەولێر ئاگاداری خوازیاران، خاوەن بڕاند و بەهرەمەندان دەکاتەوە کە بۆ ناونووسین دەتوانن سەردانی بەشی پلاندانان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بکەن. ماوەی ناونووسین سێ ڕۆژە و لە ڕۆژی یەکشەممە 30ـی تشرینی دووەمی 2025 دەست پێ دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، وەرگرتنی کۆشک یان کەپرەکان بۆ بەشداربووان بە بێ بەرامبەر دەبێت و تەنها کرێی هێنان و بردنەوەی کۆشکەکە دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان.
فێستیڤاڵەکە لە ڕێکەوتی 20-12-2025 دەست پێ دەکات و تاوەکو 1-1-2026 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.