یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بە ئاژانسی هەواڵی (JNS)ی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە لە کاتی پێویستدا ڕێکاری کاریگەر دژی حکومەتی ئێران بگرێتەبەر.
بە وتەی لاپید، ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران، مافی خۆیەتی هەر هەنگاوێک بگرێتەبەر و ئەگەر پێویست بکات "بە شێوەیەکی کاریگەر" ئەو مافە بەکاردەهێنن.
لاپید لە میانەی کۆبوونەوەی پارتەکەیدا لە کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل) وتی: "بە بڕوای من ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان. ئەمە تەنها کێشەی ئیسرائیل نییە، بەڵکو کێشەیەکی جیهانییە."
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا کە بەرنامەی مووشەکی بالیستیی کۆماری ئیسلامی "هەڕەشە لە تەواوی ناوچەکە دەکات، بۆیە ئەمە کێشەیەکی پەیوەندیدار بە ئەمریکا، سعودیە، ئیمارات و ئیسرائیلە."
لاپید جەختی کردەوە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە "لەژێر هەر بارودۆخێکدا بەرگری لە خۆی بکات و ئێمەش لە کاتی خۆیدا ئەو مافە بەکار دەهێنین."
ڕۆژی دووشەممە سوپای پاسدارنی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا هەڕەشەی کردبوو، بەرەی موقاوەمە زەبری کوشندە لە ئیسرائیل دەدات.
ڕاگەیاندراوەکەی سوپای پاسداران دوای ئەوە بڵاو بووەوە کە ئیسرائیل لە هێرشێکدا بۆ باشووری لوبنان، هەیسەم عەلی تەباتەبایی، کەسی دووەمی حیزبوڵڵای کوشت.
سوپای پاسداران ئەم هێرشەی بە تاوانێکی دڕندانە وەسف کرد و ڕایگەیاند لە کاتی گونجاودا تۆڵەی کوشتنی تەباتەبایی دەکەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.