ئەمریكا رەشنووسی پلانێكی نوێی بۆ راگرتنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا پێشكەش كردووە، رووسییەكان رەزامەندییان لەسەر پلانەكە نیشانداوە، بەڵام ئۆكڕاینا دەڵێت پێداچوونەوەی لەسەر دەكەن.
رەشنووسی پلانەكە بەشێوەیكی گشتی لە 28 خاڵ پێكهاتووە، بەگوێرەی پلانەكە ئۆكڕاینا دەبێت سازش و چاوپۆشی لەسەر بەشێكی گەورەی خاكەكی بكات بۆ رووسیا بەتایەت لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكڕاینا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەبنە خاڵی مەترسی بۆ سەر رووسیا.
لە خاڵەكانی پلانەكەدا هەروەها هاتووە كە دەبێت ئۆكڕاینا بەیەكجاری دەستبەرداری خەونی چوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆ بهێنێت، یاخود بەلایەنی كەم بۆ چەند ساڵی رابردوو، هەروەها بەهیچ شێوەیەكیش رێگە نەدات هێزەكانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی بێنە ناو خاكەكەیانەوە.
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی پلانە نوێیەكە رایگەیاندووە: هێنانەكایەی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆكڕاینا پێویستی بە قبووڵكردنی بەشێك لە سازشەكانە لەلایەن هەردوولاوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان رووسیا رازییە بە خاڵەكانی پلانە نوێیەكەی ئەمریكا و هەردوولا رێككەوتوون كە لەسەر ئەم بنەمایانە كۆتایی بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا بهێنرێت.
لای خۆشییەوە نووسینگەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكڕاینا ئاماژەی بەوەداوە كە لەگەڵ ئەمریكییەكان لەسەرهێڵن بۆ پێداچوونەوە بەسەر خاڵەكانی پلانەكە و دەستكاریكردنی بەشێكیان تا لەگەڵ بنەما نیشتمانییەكانی وڵاتەكەیان بگونجێت.
لەلایەكی دیكەوە بەشێك لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەتایبەتیش فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا تا ئێستا هەموو جۆرە پلان و رێككەوتنێك بەبێ گرەنتی تەواو لەلایەن رووسیاوە رەت دەكەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.