ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) لە شاری زیوریخی سویسڕا، تیروپشك بۆ یارییەكانی پاشكۆی جیهان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ئەنجامدرا.
بەگوێرەی تیروپشكەكە هەڵبژاردەی عێراق كە لە ڕیزبەندی 58ی فیفایە، چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بۆلیڤیا و سۆرینام دەكات.
هەڵبژاردەی عێراق پێش ئەنجامدانی تیروپشكەكە، خوازیاری ئەوە بوو نەكەوێتە بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا، چونكە هەڵبژاردەكە یەكێكە لە هەڵبژاردە بەهێزەكانی كیشوەری ئەمریكای باشوور و لە یارییەكانی رابردوودا ئاست و ئەنجامی باشی هەبووە.
هەڵبژاردەی بۆلیڤیا لە ریزبەندی فیفا لە ریزی 76ـەمین باشترین هەڵبژاردەی جیهان دێت و شێوازی یاریكردنی هەڵبژاردەكە خێرا و پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوە دەبەستێت و یاریزانەكانیشی شارەزاییەكی تەكنیكی زۆر بەرزیان هەیە، بەتایبەت كە لە رابردوودا یارییان بەرامبەر هەڵبژاردە بەهێزەكانی جیهان وەك بەڕازیل و ئەرجەنتین و ئەوانی دیكەدا كردووە.
هەڵبژاردەی بۆلیڤیا ئەمساڵ لە یارییەكانی رابردوودا لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنی كیشوەری ئەمریكای باشوور بە ئەنجامی 1-0 گۆڵ لە هەڵبژاردەی بەرازیلی بردبووەوە، هەروەها بە ئەنجامی 2-0 گۆڵ لە هەڵبژاردەی چیلی و 4-0 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤەنزوێلا و 1-0 گۆڵ لە هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیای بردبووەوە.
بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا لە هەڵبژاردەی سۆرینام بباتەوە كە چاوەڕوان دەكرێت ئەمەش روو بدات، بێگومان ئەركی هەڵبژاردەی عێراق زەحمەت دەبێت بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.