لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی هێرش و تۆمەتەكانی یەكێتی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت كە "دۆخی شارەكە هەستیارە و هیوادارین كۆتایی بە هێرش و تۆمەتەكان بهێنن".
لقی 3ی پارتی لە راگەیەنراوەكەدا بەهەموو شێوەیەك ڕەتی دەكاتەوە كە لەدەستدانی كورسی شەشەمی كورد لە كەركووك پەیوەندی بە پارتییەوە هەبێت، بەپێچەوانەوە دەنگی پارتی لە شارەكە زیادی كردووە، بەڵكو تۆمەتەكە دەخاتە ئەستۆی یەكێتی خۆی كە رێگر بوو لە یەک لیستی کورد لە شارەكەدا.
ئاماژە بەوەش دەكات كە، هۆكارێكی دیكەی لەدەستدانی كورسی شەشەمی كورد لە كەركووك، شكستهێنانی هەوڵەكانی یەكێتی بوو بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی ڕەیان كلدان كە سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە حەوت هەزار دەنگیان پێدابوو.
دەقی راگەیەنراوەكەی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان:-
بەداخەوە ماوەی چەند رۆژێکە میدیای فەرمی و سۆشیال میدیایی یەکێتی لە کەرکووک لەلایەن هەندێك بەرپرسی نابەرپرس هێرشێکی ناڕەوا و دوور لە ئەتەکێتی کوردایەتی و حزبایەتی دەکەنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدی دەرچووی پارتیمان لە کەرکووک دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا، هەروەها پارتی تۆمەتبار دەکەن بەوەی بووەتە هۆی لەدەستدانی کورسی شەشەمی کورد لە کەرکووک، ئێمە لە لقی 3 وێڕای ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە، ئەوە دووپات دەکەینەوە کە پارتی لە کەرکووک دەنگەکانی زیادی کردووە و ئەوەی وای کردووە کورسی کورد لەدەست بچێت زیادکردنی کورسییەکانی حزبی تەقدومە ئەویش بەهۆی ئەو هەموو دەسەڵاتە و پۆستەی پێیاندراوە لە ئیدارەی کەرکووک، ئێمە دەزانین بەشێک لە نیگەرانییەکانی بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە نەیانتوانی هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی کاندیدی ڕەیان کلدانی بوو وێڕای پێدانی زیاتر لە حەوت هەزار دەنگ، هەروەها هۆکاری نەبوونی یەک لیستی کورد لە کەرکووک یەکێتی بوو، هیوادارین کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر پارتی و کاندیدی سەرکەوتوومان لە کەرکووک بهێنن بەڕەچاوگرتنی دۆخی هەستیاری کەرکووک کە ئەوە دەخوازێت کورد یەک دەنگ بێت لەم شارەدا، ئەگینا لەوە زیاتر ناتوانیین بێدەنگ بین.
لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.