وەزیری تەندروستیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی داوای کرد ڕێگە بە چاندنی "تریاک" لە ناوخۆی وڵاتەکەدا بدرێت، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان گەڕاندەوە.
ئاژانسی فارس نیوز بڵاوی کردەوە محەمەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی و دەرمان و پەروەردەی پزیشکیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، پێویستە یاسایەک داڕێژرێت و جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی لە ناوچە گونجاوەکاندا و بە شێوەیەکی "پلان بۆ داڕێژراو و لەژێر چاودێریی وردی پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەریدا"، ڕووەکی خاشخاش بۆ بەرهەمهێنانی تریاک، بچێنرێت.
زەفەرقەندی کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پلاندانانی پارێزگای کرمان و کۆمەڵەی نوێنەرانی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمان قسەی دەکرد ئاماژەی بەوە دا کە کەرەستە سەرەتاییە پێویستەکان بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان هاوردە ناکرێن. بە وتەی ئەو، بەشێک لە دەرمانە پێویستەکان بەبێ ئەو کەرەستە خاوانە بەرهەم ناهێنرێن کە پێشتر لە ئەفغانستانەوە هاوردە دەکران.
وەزیری تەندروستیی ئێران ڕوونی کردەوە کە ئێستا ئەو هاوردەکردنە لە ئەفغانستانەوە وەستاوە و کارگە ناوخۆییەکانیش توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانیان نەماوە، بۆیە چاندنی لە ناوخۆ بە پێویست دەزانن.
ئەم داواکارییەی وەزیری تەندروستی لە کاتێکدایە کە بەپێی یاساکانی ئێران؛ چاندن، هەڵگرتن، کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی تریاک بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و بە تاوان ئەژمار دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.