Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 04:49

ئۆرشەلیم پۆست: حەماس و حزبوڵڵا خۆیان ڕێک دەخەنەوە و ئەمەریکاش دەستی ئیسرائیلی بەستووە

کوردستان TV
100%

ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" لە زاری بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیلەوە ئاشکرای کرد بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵا، بە پشتیوانیی دارایی و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەریکی بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازی و خۆئامادەکردنن بۆ گەڕێکی نوێی شەڕ، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل لە سنووردارکردنی وڵامەکانی لەلایەن ئەمەریکاوە ناڕازییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2025 بڵاو کراوەتەوە، گرووپەکان سەرقاڵی گواستنەوەی چەکن بۆ باشووری لوبنان و دۆڵی بەقاع، هەروەها هێزی نوێ دەخەنە ڕیزەکانیانەوە و مەشقەکانیان چڕ کردووەتەوە.

سەرچاوە سەربازییەکان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، حزبوڵڵا بە ئاشکرا ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست پێشێل دەکات و بە پێچەوانەی بەڵێنەکان بۆ چەکدانان و دوورخستنەوەی مەترسییەکان، خەریکی بەهێزکردنەوەی تواناکانیەتی. سوپای ئیسرائیلیش لە وڵامدا چەندین بنکە و ژێرخانی حزبوڵڵای کردووەتە ئامانج کە لە قۆناغی بنیاتنانەوەدا بوون.

بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل دەڵێن حەماس بە هەماهەنگی لەگەڵ حزبوڵڵا و تاران، هەوڵی زیندووکردنەوەی "بەرەی بەرگری" دەدات بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر ئاگربەستەکە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە فەرماندەیی باکووری سوپای ئیسرائیل خوازیاری وەڵامدانەوەیەکی "زۆر توندتر" بۆ پێشێلکارییەکانی حزبوڵڵایە، بەڵام لەم قۆناغەدا "ئەمریکا دەستی ئیسرائیلی بەستووە" و ڕێگە بە فراوانبوونی گرژییەکان نادات.

لە بەرەی باشووریش لە غەززە، فەرماندە مەیدانییەکان داوای ڕێکاری هێرشبەرانەتر دەکەن، چونکە بەپێی زانیارییەکان، باڵی سەربازیی حەماس دەستی بە کۆکردنەوەی زانیاری و مەشقپێکردن کردووەتەوە و بەدوای هەلێکدا دەگەڕێت بۆ ئەنجامدانی "هێرشی لەناکاو" دژی یەکە سەربازییەکانی ئیسرائیل.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.