Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 17:12

شاندێکی باڵای پێنتاگۆن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا گەیشتنە کیێف

کوردستان TV
100%


بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گەیشتنە ئۆکراینا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەوڵەکانی "کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا"، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە فشارخستنە سەر کیێف بۆ سازشکردن.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تشرینی دووەم، شاندە ئەمریکییەکە بە سەرۆکایەتیی "دان دریسکۆڵ"، وەزیری سوپای ئەمریکا،  لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆببنەوە.

دەیڤد بەتلەر، وتەبێژی سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی: "دریسکۆڵ و تیمەکەی، ئەمڕۆ بەیانی بە نوێنەرایەتیی حکومەت و لە چوارچێوەی ئەرکێکی 'ڕاستی دۆزینەوە'دا گەیشتنە کیێف بۆ دیداری بەرپرسانی ئۆکراینا و گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ."

لەو سەردانەدا هەریەک لە ژەنەڕاڵ ڕاندی جۆرج، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا و ژەنەڕاڵ کریس دۆناهۆ، فەرماندەی باڵای سوپای ئەمریکا لە ئەورووپا و مایکل ویمەر، یاوەری دریسکۆڵ دەکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانە، میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە نوێنەرانی ئەمریکا و ڕووسیا کۆمەڵێک پێشنیاریان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان کیێف و مۆسکۆ ئامادە کردووە، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە پێشنیارەکاندا داوا لە ئۆکراینا کراوە پاشەکشەیەکی بەرفراوان لە خواستەکانی بکات، لەوانە کشانەوەی تەواوەتی لە ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و سنووردارکردنی قەبارەی سوپاکەی. ئەم مەرجانە کە وا دەردەکەوێت لە بەرژەوەندیی ڕووسیادا بن، لەلایەن کیێفەوە وەک "خۆبەدەستەوەدان" سەیر دەکرێن.

لەم بارەیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بەوەیە هەردوولا لە هەندێک داواکاری پاشەکشە بکەن و ڕازی بن بە پێشکەشکردنی "سازشی بەئازار بەڵام پێویست" بە یەکتر.

فشارە دیپلۆماسییەکان لە کاتێکدان، بەرپرسانی ئۆکراینا ڕایانگەیاند ڕۆژی چوارشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ڕووسیا بۆ سەر شاری "تێرنۆپیل" لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە، لانی کەم 26 کەس گیانیان لەدەست داوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.