Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 21:01

رێبەری بزووتنەوەی تاڵیبان لە هەوڵێكی كوشتن رزگاری بووە

کوردستان TV
100%

ئەفسەرێكی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا ئاشكرای كرد، لە چەند رۆژی رابردوودا هەیبەتوڵا ئاخوونزادە رێبەری بزووتنەوەی تاڵیبان لە هەوڵێكی كوشتن لە ناوخۆی ئەفغانستان رزگاری بووە بە سووكی بریندار كراوە.

سارا ئادامز ئەفسەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا هەوڵەكەی كوشتنی رێبەری بزووتنەوەی تاڵیبانی بەمشێوەیە باس كرد: هەوڵی كوشتنەكە لە رۆژی 10ی ئەم مانگە لە قوتابخانەیەكی سەربازی لە قەندەهاری پایتەختی ئەفغانستان ئەنجامدراوە.

ئەمە گەورەترین هەوڵی كوشتنی هەیبەتوڵا ئاخوونزادە رێبەری بزووتنەوەی تاڵیبان بووە لەوەتەی بزووتنەوەكە دووبارە دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتۆتەوە.

هێرشكارەكە ناوی حافز سەدیقوڵا كوڕی مەولەوی عەبدولنەبییە و خەڵكی ناوچەی مووسا قەلعە بەهلەمەندە و پێشتر ئەفسەر بووە لە لیوای 215ی وەزارەتی بەرگریی تاڵیبان، پارساڵیش پلەی بەرزكراوەتەوە و بووەتە راهێنەر لەو قوتابخانە سەربازییە تایبەتەی تاڵیبان.

هێرشكارەكە لە كاتی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمی قوتابخانەكە بە چەقۆ هێرشی كردۆتە سەر هەیبەتوڵا ئاخوونزادە و چەند شوێنێكی دەستەكانی بە سووكی بریندار كردووە، دواتر لەلایەن پاسەوانەكانەوە دەستگیر كراوە.

ئەفسەرەكەی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا ئاشكراشی كرد كە هێزەكانی تاڵیبان تا ئێستا لێكۆڵینەوە لە هێرشكارەكە دەكەن و دان بەوە نەنراوە كە هیچ لایەنێكی بیانی دەستیان لە هێرشەكەدا هەبووبێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.