ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025 لە شاری دهۆک، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد .
له کۆبوونەوەکەدا کە محەمەد ئیسماعیل سەرۆکی ئەنەکەسە و عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری کوردی باکور و چەند کەسایەتی و بەرپرسی تری ڕۆژئاوا بەشداربوون، سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە هەردوولایەن بەیەکەوە بەشدارن لە کۆڕبەندی مێپس 2025 لە شاری دهۆک، لای خۆشیانەوە هەردوولا سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانیان کرد لە بەرگری لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان.
دواتر بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر بارودۆخی سووریا و ناوچەکە، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسییانە و ئاشتییانە لە چوارچێوەی سووریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە. سەرۆک بارزانی هەروەها جەختی لە پشوودرێژی و تەبایی و یەکریزی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە نابێت مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بانگهێشتنامەکەی بۆ کۆڕبەندی مێپس 2025، هەروەها باسی لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد لە بەرامبەر هەوڵەکان لەپێناو نزیکبوونەوە و بەدیهێنانی یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
مەزڵووم عەبدی هەروەها پاڵپشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەرگایان کراوەبوو بۆ حەواندنەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، هەروەها پاڵپشتییەکانی هەرێمی کوردستانی لە تێکشکاندنی تیرۆر بەرز نرخاند.
مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پشتیوانی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.


کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.