ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان پێشکەشی ئەنجومەنی لوتکەی ئاژانسی نێودەولەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە کە تێیدا داوا کراوە ئێران سەبارەت بە پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ڕوونکردنەوە بدات و ڕێگا بە دەستڕاگەیشتنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە بنکەکانی بدات.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد رەشنووسەکە ڕۆژی سێشەممە 18ـی تشرینی دووەم لە لایەن ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بریتانیاوە پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی لووتکەی ئاژانس کراوە ئەگەری هەیە ئەمڕۆ پەسند بکرێت.
ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیە دوای ئەوە ئامادە کرا کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم حەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی توند و ڕەخنەگرانەی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەندامانی ناردبوو.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسدا هاتووە، ئێران تا ئێستاش ڕێگا نادات پشکنەرانی ئاژانس سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەن کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون و چاوەدێریی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەم وڵاتە ماوەیەکی زۆرە هەڵپەسێراوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز لە پێشەکیی ڕەشنووسەکەی ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەورووپییەکەدا هاتووە، ئێران دەبێ بە بێ دواکەوتن، زانیاریی ورد سەبارەت بە ڕادەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی و بنکە ئەتۆمییەکانی بداتە ئاژانس و ڕێگا بە دەستڕاگەیشتنی پشکنەرانی ئاژانس بە بنکە ئەتۆمییەکانی بدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران سێ ڕۆژ پێش ئامادەبوونی ئەم ڕەشنووسە ڕایگەیاندبوو ئێران لە دوای جەنگی دوازدەڕۆژەوە پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕاگرتووە لەبەر ئەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی بۆردومان کراون و هیچ بنکەیەکی ئەتۆمیی ڕانەگەیاندراو و نهێنی لە ئێران نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.