سەرۆک بارزانی پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی کرد و ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی دەستوور و فیدراڵییەت دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق.
ڕۆژی یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی مەزنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد کە زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی بەدەست هێناوە. هەروەها هیوای خواست پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق ڕێچکەی خۆی بگرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان.
لەلای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیای کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، پارتی توانی بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت.
سەرۆک بارزانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور بکەن و لە هەڵەکانی ڕابردوو ئەزموون وەربگرن.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق. هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە "ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خاڵی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدراڵییەتی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕوایان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو بڕگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون، وەک یاسای ئەنجومەنی ئیتیحادی و یاسای نەوت و گاز".
سەرۆک بارزانی لەبارەی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە ڕایگەیاند، پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموو نەرمییەکیان نواندووە و گرنگە دەرگاکانی گفتوگۆ کراوەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەبارەت بە پرسی یەکڕیزیی کورد لە بەغدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە "باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدراڵییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور".
پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان و عێراق تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامی ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنی لە هەموو بوارەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.