Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 22:44

كۆمیسیۆن: سكاڵاكان كاریگەرییان لەسەر رێژەی دەنگدان نابێت

کوردستان TV
100%

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بەو سكاڵایانەی لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی ئاراستەیان كراون رایگەیاند، سكاڵاكان كەمن و كاریگەرییان لەسەر دەنگەكان نابێت، بەتایبەت كە تا ئێستا هیچ سكاڵایەك نەچۆتە ئاستی ڕەنگی سوور.

عامڕ حوسێنی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: رێژەیەكی كەم لە سكاڵاكان گەیشتوونەتە دەست كۆمیسیۆن، سكاڵاكانیش لەسەر سێ ئاست ریزبەندی كراون بەمشێوەی خوارەوە:-

سكاڵای رەنگی زەرد: ئەم جۆرە سكاڵایانە بەبێ بەڵگە تۆماركراون و لەسەر كۆمیسیۆن ئەوەیە تەنیا وەڵامیان بدرێتەوە.

سكاڵای رەنگی سەوز: ئەم جۆرە سكاڵایانە پێویستیان بە لێكۆڵینەوی ئیداری هەیە، بەڵام كاریگەرییان لەسەر ئەنجامەكان دەنگدان نابێت.

سكاڵای رەنگی سوور: ئەم جۆرەی سكاڵا كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی دەنگدان دەبێت.

سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە كۆمیسیۆن هەروەها رایگەیاند: ئەو سكاڵایانەی كە تا ئێستا گەیشتوونەتە دەست كۆمیسیۆن، هیچ كامیان نەگەیشتوونەتە ئاستی رەنگی سوور.

عامڕ حوسێنی گوتیشی: كۆمیسیۆن ئێستا خەریكی جیاكردنەوەی سكاڵاكانی دەنگدانی گشتییە، سكاڵاكانیش لە رێگەی نووسینگەكانی هەڵبژاردن یاخود بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن نووسینگەی سەرەكییەوە وەڵام دەدرێنەوە.

جەختیشی كردەوە كە بەشێوەیەكی گشتی ئەو سكاڵایانەی تا ئێستا تۆماركراون ژمارەیان كەمە.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاندبوو كە تەنیا 101 سكاڵایان لە دەنگدانی گشتی و تایبەت بەدەست گەیشتووە كە 44 سكاڵایان لە دەنگدانی تایبەتە و 57 سكاڵاش لە دەنگدانی گشتییە.

ئاماژەی بەوەشدابوو كە سكاڵاكان لەژێر كاری جیاكردنەوەن لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.