Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 10:30

زانیاری لەسەر ئەو شەپۆڵە بارانبارینەی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

کوردستان TV
100%

پێشبینی كراوە لە سبەی هەینییەوە شەپۆڵێكی بارانبارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و لە رۆژانی شەممە و یەكشەممە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق باران ببارێت.

شاڵاو هیدایەت شارەزای كەشناسی سەبارەت بە شەپۆڵە بارانبارینەكە، رایگەیاند: سەرەتا لە کاتەکانی درەنگانی ئێوارەی سبەی هەینی حاڵەتەكانی بارانبارین لە بەشێکی ناوچەکانی سنووری بادینان و مووسڵ دەست پێ بکات و بە تێپەڕبوونی کات فراوان ببێت.

راشیگەیاند: لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بارانبارینەكە بەشێوەی گشتگیر لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوام دەبێت.

شارەزاكەی كەشناسی هەروەها رایگەیاند: ئەم شەپۆڵەی بارانبارین ناوەناوە تاوەکو ناوەڕاستی هەفتە دەمێنێتەوە، لە رۆژی 17 مانگیش کۆتایی بە شەپۆڵەکە دێت و ڕۆژی دواتر کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە.

گوتیشی: لە ماوەی شەپۆڵەکەدا پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 6 تا 7 پلە دادەبەزن، هەروەها لە بەشێکی زۆری ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە.

شاڵاو هیدایەت هەواڵە خۆشەكەی راگەیاند و گوتی: پێشبینیكراوە لە ماوەی ئەم شەپۆڵەدا لە زۆربەی ناوچەکان بارانی باش ببارێت و لە بەشێکی ناوچەکان پەڵە بدات، چونكە ڕێژەی پێشبینی کراوی باران لەنێوان 5 تاكو 70 ملم دەبێت.

لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا كە چاوەڕوان دەكرێت زۆرترین کاریگەری ئەم شەپۆڵەی باران لە پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی و ناوچەكانی ڕاپەرین بێت، هەروەها کەمترین کاریگەریش لە گەرمیان دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.