Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 12:38

ڕێبەر ئەحمەد: هەڵبژاردن بووەتە بەشێک لە کەلتووری خەڵکی کوردستان

کوردستان TV
100%

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ماوەی چەندین ساڵە هەڵبژاردن بووەتە بەشێک لە کەلتووری خەڵکی کوردستان و هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن، ئاستی تێگەیشتنی خەڵک و شێوازی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەرەوپێش دەچێت.

ڕێبەر ئەحمەد جەختی کردەوە "لە هەمووی گرینگتر ئەو کەشوهەوا ئارامەیە کە لە کوردستان هەیە و خەڵک بە ئارامی و بە ئازادی دەتوانێ بەشداری لە کەمپەینی هەڵبژاردن بکات و دەنگی خۆی بە ئازادی بدات بەو کاندیدەی دەیهەوێ سەری بخات". گوتیشی: "بە دڵنیایی خەڵک هەوڵ دەدات کاندیدی ڕاستەقینە و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی دەنگەکانیان پارێزراو بێت و مافەکانیشیان پارێزراو بێت".

وەزیری ناوخۆ سوپاس و دەستخۆشی لە هەموو هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرد کە "لە بەرهەمی خەبات و ماندووبوون و شەونخوونیی ئەوان، ئەم ئارامی و ئاسایش و سەقامگیرییە لە هەرێمی کوردستان هەیە و بووەتە جێگای شانازیی هەموو لایەک". ئاماژەی بەوەش کرد "ئەوەی تر هەمووی بە دوای ئەمەدا دێت.  گەشەسەندن، دێموکراسیەت، ئازادی، هەمووی لە سەر بنەمای ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەیە کە خەڵکی زۆر شەو و ڕۆژ دەکەنە یەک بۆ ئەوەی خەڵک بە ئارامی بژیت. ئەمەش بەرهەمی ئەو ماندووبوونەیە" و هیواشی خواست "ئەم نیعمەتە بەردەوام بێت و خوای گەورەش پشتیوان بێت بۆ هەموو لایەکمان".

ڕێبەر ئەحمەد داوای لە هاووڵاتییان کرد "بێن مافی یاسایی و دەستووریی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەموویان بەشداری بکەن لە دەنگدان و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، ئەوانەی کە باوەڕیان پێان هەیە بتوانن لە بەغدا هەم خەیانەت لە دەنگەکەیان نەکەن و هەمیش مافەکانیان وەکوو خۆی داکۆکیی لێ بکەن و هەوڵ بدەن نوێنەرێکی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بن لە بەغدا و لە هەموو ئەو شوێنانەی پێویستە بەرگری لە خەڵکی کوردستان بکرێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.