Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:09

پارێزگاری هەولێر: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر، سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانی تایبەتی کرد و ڕایگەیاند، پڕۆسەکە بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت و هیچ گرفتێکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە کە ببێتە هۆی دواخستنی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانییەوە دەستی پێ کرد، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەریی بەرپرسانی کۆمسیۆن، سەردانی چەند بنکەیەکی دەنگدانی لە ناو شاری هەولێر کرد.

لە سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر چاودێریی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەی کرد. دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای دەستخۆشیکردن لە کۆمسیۆن، دڵنیاییدا پرۆسەی دەنگدان بە ئارامی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت.

ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچییەکی لە توانادا بووە کراوە، تاکو پرۆسەکە بە ئارامی و دروستی بێ کێشە و گرفت بەڕێوە بچێت".

سەبارەت بە ڕەوشی دەنگدان، گوتی: "تاکو ئێستە هیچ گرفتێکی وا نەبووە ببێتە هۆی لە کارخستن یاخود دواخستنی پرۆسەکە، پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و دەستخۆشی لە نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆن دەکەین کە ئامادەکارییەکانیان بە باشی کردووە".

لەبارەی بڕیاری قەدەغەکردنی مۆبایل، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "بڕیاری قەدەغەکردنی مۆبایل بۆ بنکەکانی دەنگدان لە پێناو سەلامەتی پرۆسەکەیە، تاکو هاووڵاتییان بۆ کاندید و لایەنی سیاسیی خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن و هیچ فشارێک لەسەر هاووڵاتییان نەبێت".

لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بازنەی هەولێر 111 هەزار و 839 دەنگدەری تایبەت هەیە، کە 85 هەزار و 793 کەسیان خەڵکی ئەو پارێزگایەن. پڕۆسەکە تا کاتژمێر 6:00ی ئێوارە لە 79 بنکە و 385 وێستگە بەڕێوە دەچێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.