لە پاش فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، ویلایەتە یەکگرتووەکانیمووشەکی بالستی کیشوەربڕی "مینوتمەن-3"ی تاقی کردەوە.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک پۆست رایگەیاند هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە بنکەیەکی ئاسمانی لە ویلایەتی کالیفۆرنیاوە ئەم مووشەکەی هەڵداوە و تاقیکردنەوەیە بە بێ کێشە ئەنجام دراوە.
مووشەکەکە پاش بڕینی مەودای 6 هەزار و 800 کیلۆمەتر، لە بنکەی تاقیکردنەوەی بەرگریی مووشەکی بالستیی رۆناڵد ڕێگان لە دوڕگەکانی مارشاڵ کە لە زەریای هێمن هەڵکەوتووە، کەوتە خوارەوە.
ئەمریکا دەڵێ چەند مانگ لەمەوبەر پلانی بۆ تاقیکردنەوەی ئەم مووشەکە داناوە بەڵام بە هۆی فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لە پاش زیاتر لە 30 ساڵ، تاقیکردنەوەی ئەم مووشەکە کێشوەربڕە سەرنجی خراوەتە سەر.
مووشەکی مینوتمەن-3 دەتوانێ سێ کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت و نیۆیۆرک پۆست ڕایگەیاندووە ئەم مووشەکە یەکێک لە چەکەکانی بەرگریی ئەمریکایە و تەنیا لە وڵامی هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ئەم وڵاتە لە لایەن دوژمنانەوە، کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بڕیار وایە مووشەکێکی نوێ بە ناوی "سێنتینێل" ببێتە جێگرەوەی مووشەکی مینوتمەن-3 کە لە ساڵی 1970وە بەرهەم دێت و بە مووشەکێکی کۆن دێتە ئەژمار. ئەمریکا 400 مووشەکی لەم جۆرەی هەیە کە لە ویلایەتەکانی کۆلۆرادۆ، مۆنتانا، نێبراسکا، داکوتای باکوور و ایۆمینگ هەڵگیراون. ئەم مووشەکە دەتوانێت بە خێرایی 24 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، مەدوای 9 هەزار و 660 کیلۆمەتر ببڕێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.