Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 10:45

مەسرور بارزانی: جیاوازی لە نێوان شارەکانی کوردستان و لە ناو شارەکانیش جیاکاری لە نێوان گەڕەکەکان ناکەین

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی کوردستان لە ڕێورەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی ڕێڕەوی ژیان لە شاری هەولێر ڕایگەیاند: "هەمیشە سیاسەتمان ئەوە بووە جیاکاری لە بەینی شارەکان نەکرێت و لە ناو شارەکانیش لە بەینی گەڕەکەکان نەکرێت".

ڕۆژی چوارشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیانی لە شاری هەولێر دانا و لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگیی ئەو پڕۆژەیە بۆ شاری هەولێر و هەموو کوردستان کرد و ڕایگەیاند: ئەم شۆڕشی ئاوەدانییەی دەستمان پێ کردووە، هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبین لە پێناو گەیشتن بە گەشەپێدانێکی گشتگیر و هەمەلایەن کە ئامانجی سەرەکیی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، لە ڕووی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گشتی و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر و پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.

 

دەقی وتەکانی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان

 

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا زۆر زۆر بەخێر بێن، ئەم کاتەتان باش.

خۆشحاڵ و بەختەوەرم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ دانانی بەردی بناغەی یەکێک لە پڕۆۆژە گرنگەکانی شاری هەولێر کە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتری شاری هەولێر دەبێت بە تایبەتی لە ڕووی گەشتیارییەوە.

گلەیی زۆرمان دەبیست لە دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەم شوێنە لە کاتێک کە خۆی وەکوو ڕێڕەوێک بوو بۆ ڕێگەگرتن لە لافاو بەڵام بە داخەوە دواتر بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی پیس و زبڵ و خاشاک کە لەڕووی تەندروستیشەوە بوو بە جێگەی مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە. بۆیە بڕیارمان دا ئەم پڕۆژە گرنگە لەو ناوچەیە بکرێت کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەموو بوارەکاندا لە ژیانی خەلکی ئەم گەڕەکانە و شاری هەولێر بە گشتی دروست بکات و دەبێتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەولێر و کوردستان.

لە قۆناغی یەکەمدا ئەم پڕۆژەیە پارک و سەوزایی و ئاوەڕۆی سندووقی و کەناڵێک بۆ ئاوی پاک و باران و لافاو لەخۆ دەگرێت. هەروەها چەندین دووکان و کۆشک و شوێنی یاریی لێ دروست دەکرێت و دەبێتە ناوچەیەکی دڵڕفێنی گەشتیاری لە ناو جەرگەی شاری هەولێر کە دەرفەتی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان دروست دەکات.

ئێمە هەمیشە ئامانجمان ئەوە بووە لە پەرەپێدانی شار و پەرەسەندنیان هاوسەنگی هەبێت و تەنیا بایەخ بە سەنتەری شارەکان یا چەند گەڕەکێک و ناوچەیەک بە تەنیا نەدرێت. کەواتە جیاوازیی گەڕەکەکان ئەبێ کەم بکرێتەوە. بەڵکوو پێویستە لە گەشەکردنی شارەکانماندا بە پێی تایبەتمەندی بایەخ بە گشت ناوچەکان بدرێت و لە خزمەتگوزارییەکانی ژیان وەکوو یەک سوودمەند بن.

ئێمە ئەم سیاسەتەمان لەسەر ئاستی هەموو کوردستانیشدا پەیڕەو کردووە کە جیاکاری لە بەینی شارەکان نەکرێت و لە ناو شارەکانیش لە بەینی گەڕەکەکان نەکرێت. هەولێر ئێستا یەکێکە لە شارە هەرە پێشکەوتووەکانی عێراق و ناوچەکە. بە تەواوبوونی هەردوو پڕۆژەی پشتێنەی سەوز و ڕێڕەوی ژیان، قۆناغێکی دیکەی گەشەسەندن و ئاوەدانی لە شاری هەولێر دەست پێ دەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە گەشتیارییە هەرە گرنگەکانی هەموو دنیا کە خاوەنی مێژوویەکی دێرین و پێشکەوتن و ئاوەدانییەکی بەرچاویشە.

ئەم شۆڕشی ئاوەدانییەی دەستمان پێ کردووە، هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبین لە پێناو گەیشتن بە گەشەپێدانێکی گشتگیر و هەمەلایەن کە ئامانجی سەرەکیی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، لە ڕووی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گشتی و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر و پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.

پیرۆزبایی لە خەڵکی هەولێر بە تایبەتی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەکەم کە دوای ماوەیەکی کەم گۆڕانکاریی جۆری لە ژیانیاندا و باشتر بوونی ژینگە و تەندروستیشیان دێتە ئاراوە. ئەوەی زیاتر منی دڵخۆش کردووە، ئەوەی ڕاستی بێت، دروست بوونی ئەو متمانەیەیە کە ئێستا خەڵک بە حکوومەتەکەی هەیەتی و ئەو پەیوەندییە تەندروستییەی لە بەینی حکوومەت و کەرتی تایبەتدا دروست بووە.

 ئەم هاوکاری و پشتیوانییەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان وا دەکات ئێمە زیاتر پشتگەرم بین، سوور بین لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان. سپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکەم کە بە ڕاستی خۆیان زۆر ماندوو کردووە بە دروستکردنی ئەم پلانە بۆ دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە و دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم لە کەرتی تایبەت کە هاوپشک و پشتیوانمان بوون بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پڕۆژەیە وەکوو خۆی جێبەجێ بکەین.

لە کۆتاییدا دەمەوێ جارێکی تریش داوایەکی برایانە لە هەموو هاووڵاتییانی کوردستان بکەم، تکایە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ژینگەکەمان بپارێزین. حکوومەت دەتوانێ بەشێک لە ئەرکی خۆی لە ئەستۆ بگرێت. ئێمە دەتوانین پڕۆژە دروست بکەین بەڵام کەلتووری ژینگەپارێزی ئەرکی هەموومانە، پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموومانە. تکاتان لێ دەکەم یارمەتیمان بدەن با بەیەکەوە وڵاتەکەمان خۆشتر و جوانتر بکەین.

ئێوە هەر سڵامەت و تەندروست بن. کوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.