نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، بە زمانی کوردی پیرۆزبایی لە هەردوو گەلی عێراق و تورکیا کرد بەبۆنەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی چارەسەرکردنی کێشەی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵاتدا و ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی ناوچەکە.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا کە بە زمانی کوردی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، دەستخۆشی لە حکوومەتی عێراق کرد بۆ ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیادا واژۆ کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەردەوامەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
مارک ساڤایا ڕایگەیاند: "پیرۆزە لە هەردوو گەلی کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا. دەستخۆشی لە حکوومەتی عێراق دەکەم و ئەو ڕێککەوتنە بەرز دەنرخێنم".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، "ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنێکی بەردەوام بە سەرچاوە ئاوییە گرنگەکان کە گرنگن بۆ بژێوی ژیانی ملیۆنان عێراقی ئەوانەی بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی ئاوەوە زیانیان بەرکەوتووە".
مارک ساڤایا لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە، "ئەمریکا پابەندبوونی بەهێزی خۆی بۆ پشتگیری لە عێراق و گەلەکەی دووپات دەکاتەوە لەپێناو سەقامگیرییەکی زیاتر و خۆشگوزەرانی و ژینگەیەکی بەردەوامدا".
ڕاگهيهنراوى فەرمی
— Mark Savaya (@Mark_Savaya) November 3, 2025
پیرۆزە لە هەردوو گهلى کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا.
دەستخۆشی لە حکوومەتی عێراق دەکەم و ئەو ڕێککەوتنە بەرز دەنرخێنم کە لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیادا واژۆ کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە بەردەوامەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
ئەم…
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.