Erbil 31°C سێشەممە 16 حوزەیران 19:11

ئەو كەسانەی لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر تەقەیان كردبوو دەستگیركران

کوردستان TV
100%

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوو كەسیان دەستگیر كردووە كە لەسەر شەقامی 120 مەتری و وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەی هەڕەمەكی تەقەیان دەكرد. جەختیشی كردەوە كە هەر كەس و لایەنێك ببێتە هۆكاری پشێوی و تێكدانی ئارامی رووبەڕووی یاسای دەكەنەوە.

پۆلیسی هەولێر لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن چەند هاووڵاتییەکی شاری هەولێر بە بیستنی حاڵەتێکی تەقەکردن لە نزیک شەقامی خێرای 120 مەتری، بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیەکەمان دەستمان کرد بە بەدواداچوون.

بڵاویشی كردەوە: بۆمان دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و رەنگ سپی و هەڵگری تابلۆی هەولێر کە دوو سەرنشینی تێدایە، بە شێوەی هەڕەمەکی تەقە دەکەن وەک بانگەشەکردنی هەڵبژاردن بۆ لایەنێکی سیاسی دیاری کراو، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆلینەوەی هەولێر، توانرا هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ح. ص) و (س. ت. ت) دەستگیر بکرێت.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: تۆمەتبارانی ئاماژەپێکراو، کە بە پێچەوانەی رێنماییەکان و بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ببوونە هۆکاری دروستکردنی پشێوی و بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ لەناو هاووڵاتییانی شاری هەولێر، ئێستا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.

هەروەها هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێریشی ئاگادار كردەوە كە هەر کەس و لایەنێک ببێتە هۆکاری پشێوی و تێکدانی ئارامی پارێزگای هەولێر ڕووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.

داواشی لە تەواوی لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتییان كرد پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.