سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە شێخ و پیاوماقوڵانی عەرەبی قەزای مەخموور کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆڵی ئیجابیی شێخەکانی کرد و داوای لێ کردن بە گوڕوتینەوە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و جێبەجێکردنی ماددەی 140.
ڕۆژی دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام، پێشوازی لە شێخ و پیاوماقوڵانی عەرەبی قەزای مەخموور و دەوروبەری کرد.
لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و سوپاسی شێخ و پیاوماقوڵانی عەرەبی سنووری قەزای مەخموور و دەوروبەری کرد بۆ "ئەو ڕۆڵە ئیجابییەی کە هەیانبووە بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و پاڵپشتییان بۆ پێکەوەژیان و پابەندبوونیان بەم کولتوور و برایەتیی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی تری ئەو ناوچانە".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی شێخ و پیاوماقوڵانی ئەو ناوچەیەی بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە "خەڵکی ئەو ناوچانە بە گوڕووتینەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی ناوچەکانیان، لە پێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق".
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بارزانی باسیشی لە گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پێشهات و گۆڕانکارییە گشتییەکان بۆ شاندی میوان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.