Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 00:39

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی دووسایدی گەڕەکی ژین قیڕتاو کرا

کوردستان TV
100%

پڕۆژەی قیڕتاوکردنی دووسایدی گەڕەکی ژین لە ناحیەی دارەتووی هەولێر، کە بە گوژمەی زیاتر لە 2.4 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و بەهۆی کێشەی داراییەوە ڕاگیرابوو، ئەمڕۆ شەممە دەست بە قیڕتاوکردنی قۆناغی یەکەمی (سایدێکی) کرایەوە. پڕۆژەکە درێژییەکەی 2500 مەتر و پانییەکەی 30 مەترە.

ئەمڕۆ شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە یاوەریی مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوە چوونى کارەکان، قیڕتاوکردنی دووسایدی گەڕەکی ژینـیان لە ناحییەی دارەتوو بەسەر کردەوە.

پڕۆژەی دووسایدی گەڕەکی ژین بە گوژمەی 2 ملیار و 422 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی دەستی پێ کراوە. پڕۆژەکە ماوەیەک بەهۆی کێشەی داراییەوە لە کارکردن وەستابوو، بەڵام ئەمڕۆ دەست بە قیڕتاوکردنی کرایەوە.

دوای بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر دەستخۆشیان لە تیمی ئەندازیاری و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە کرد و پیرۆزباییان لە دانیشتووانی گەڕەکە کرد بە بۆنەی تەواوکردنی سایدێکی شەقامەکە وەک قۆناغی یەکەم.

هەروەها ڕایانگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەست دەکرێت بە قیڕتاوکردنی سایدی دووەمی شەقامەکە و پڕۆژەکە بە ماوەیەکی کەم تەواو دەکرێت، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی دانیشتووانی گەڕەکەکە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان جەختی لەوە کردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست لە ناحیەی دارەتوو بۆ دانیشتووانی ناوچەکە ئەنجامدراون. سوپاسی وەزیری شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێری کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگییان لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر.

پڕۆژەی دووسایدی گەڕەکی ژینی دارەتوو، درێژییەکەی 2500 مەترە و پانییەکەی 30 مەترە، کە بۆ هەر سایدێک 10 مەتر پانی تەرخان کراوە، لەگەڵ دروستکردنی ئاوەڕۆ بە درێژیی 3800 مەتر. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، هاتوچۆی دانیشتووانی گەڕەکەکە ئاسانکاریی زۆری بە خۆیەوە دەبینێت و سەنتەری ناحیەی دارەتووش بە گەڕەکە دەبەستێتەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.