شی جین پینگ سەرۆکی چین ئهمرۆ پێنجشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووەتە کۆدەنگی لەسەر پرسە بازرگانییەکان، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هاوتا ئەمریکییەکەی کە لە بەرامبەردا رێککەوتنی لەسەر زەوییە دەگمەنەکان وهەندێک باج راگەیاند.
ترەمپ و شی جین پینگ لە دوای ساڵی 2019ـەوە بۆ یەکەمجار لە شاری بوسان لە کۆریای باشوور کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی چاوەڕوانکراویان ئەنجام دا، لەکاتێکدا وڵاتەکانیان سەرقاڵی شەڕێکی بازرگانی تووندن کە کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان هەیە.
کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی لووتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن کە 21 وڵات لەخۆدەگرێت، لە شاری گیۆنگجو بەڕێوەچوو.
ئەمە دوا وێستگەی گەشتەکەی ترەمپ بوو بۆ كیشوەری ئاسیا، لەو ماوەیەدا ستایشی زۆری كرا و چەندین دیاریی وەرگرت، لەنێویاندا کۆپی تاجێکی زێڕینی کۆریای کۆن بوو.
هاوكات، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دیدارەکەی لەگەڵ سهرۆكی چین سەرکەوتنێکی گەورە بووە، ئاماژەی بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان چین و ئەمریکا کرد له داهاتوویهكی نزیكدا.
هەروەها ترەمپ رێککەوتنی خۆی بۆ کەمکردنەوەی ئەو باجانەی بەسەر چیندا سەپاندووە بۆ رێژهی 10% راگەیاند.
ترەمپ هەروەها رایگەیاندووە، واشنتۆن و پەکین گفتوگۆ لەسەر رێکەوتنێکی ئەگەری وزە دەکەن.
جگه لهوه ترهمپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی TruthSocialی خۆیدا نووسیویەتی "چین ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی کڕینی وزەی ئەمریکی، پێشبینیش دەکرێت رێککەوتنێکی گەورە بۆ کڕینی نەوت و گاز لە ئەلاسکا ئەنجامبدرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.