كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، لە رۆژی دەنگدانی تایبەت زیاتر لە ملیۆنێك و 313 هەزار كەس لە هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق دەنگی خۆیان دەدەن.
نیبراس ئەبوو سۆدە گوتەبێژ بەناوی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: ئەوانەی لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن بریتین لە كارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی عێراق و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری و دەزگای دژەتیرۆر و پۆلیسی سنوور و دەستەی حەشدی شەعبی.
راشیگەیاند: ئەو وەزارەت و دەزگایانەی كە لیستی ناوەكانیان ناردووە، بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت تۆماركراون، ئەو ناوانەشی كە نەنێردراون و تۆمار نەكراون، مافی ئەوەیان هەیە لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگی خۆیان بدەن.
گوتەبێژەكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت و بنكە و وێستگەكان، رایگەیاند: بەشێوەیەكی گشتی ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 كەس لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن، دەنگدانەكەش لە 809 بنكەی دەنگدان دەبێت كە خۆی لە 4501 وێستگە لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق دەبینێتەوە.
جەختیشی كردەوە كە ئەو بنكانە بەشێوەیەك دابەشكراون كە هێزە ئەمنییەكان بتوانن بەشێوەیەكی ئاسان پێیان بگەن و دەنگی خۆیان تێدا بدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.