کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد، کە دوورخستنەوەی بەربژێرێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامە لەخۆدەگرێت. هاوکات، سزای دارایی بەسەر 14 بەربژێری دیکەدا سەپاند و ڕێکخراوێکیشی وەک چاودێر ڕەت کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کۆمەڵێک بڕیاری نوێی دەرکرد، کە دوورخستنەوەی بەربژێران و سەپاندنی سزای دارایی بەهۆی سەرپێچییەوە لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکان، ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاریداوە بە:
• پەسەندکردنی بڕیاری دوورخستنەوەی بەربژێر، لەیلا کەریم حەمادی بەکر، لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی بەهۆی ساختەکردنی بڕوانامەی خوێندنەوە.
• دوورخستنەوەی دوو بەربژێری دیکە لە پارێزگاکانی بابل و بەسرە، بەهۆی سەرپێچیکردن لە مەرجی "هەڵسوکەوتی باش".
• هەڵوەشاندنەوەی پەسەندکردنی بەربژێربوونی ئەیاد مەحموود تەمیمی و محەمەد عەتیە عەتیوی، بەهۆی سەرپێچیکردنیان لە یاسای هەڵبژاردن.
• ئەنجومەنی کۆمیسیاران سزای دارایی بە بڕی دوو ملیۆن دیناری بەسەر 14 بەربژێری سەر بە هاوپەیمانی و لیستە جیاوازەکاندا سەپاند، بەهۆی سەرپێچیکردنیان لە ماددەی 5ـی سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردن.
هەروەها، ئەنجومەنی کۆمیسیاران داواکاریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە سووریا - ماف (MAF)ـی وەک چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەت کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.