سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، بەرزەپردی دەروازەی سۆران و شەقامێکی 30 مەتری لە قەزای ناوەندیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو پرۆژەی ستراتیژی و گرنگی ڕێگەوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکاتەوە.
پرۆژەی شەقامی 30 مەتری لە قەزای ناوەندیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە بە گوژمەی 10 ملیار دینار جێبەجێ کراوە.
قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە پێکدێت لە 1,200 مەتر رێگەی دووساید، دیواری پاڵپشت، سیستمی ئاوەڕۆ و رووناکی.
هەروەها، پرۆژەی بەرزەپردی دەروازەی سۆران، بە گوژمەی 33 ملیار و 358 ملیۆن دینار دروست کراوە و لە کاتێکدا ماوەی 900 ڕۆژی بۆ دیاری کرابوو، لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکار ساڵێک پێش وادەی دیاریکراوی خۆی تەواو کرا.
پرۆژەکە لە ڕێگەیەکی سەرەکیی دووساید بە درێژایی 2,905 مەتر پێکدێت و هەر سایدێکیشی سێ لاینە، دوو بەرزەپردی هەیە.
بەرزەپردی یەکەم، درێژی 154 مەتر و بەرزی 15 مەتر و پانی 11 مەترە.
بەرزەپردی دووەم، درێژی 57 مەتر و بەرزی 8 مەتر و پانی 11 مەترە.
کردنەوەی ئەم پرۆژەیە، کە ڕێگاکانی هەولێر، مێرگەسۆر، ڕواندز و چۆمان پێکەوە دەبەستێتەوە، کارئاسانییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران دروست دەکات. هەروەها جووڵەی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران ئاسانتر دەكات و قەرەباڵغیی سەر شەقامەکانیش کەم دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.