ئەمڕۆ شەممە زیاتر لە 60 وڵات یەکەمین پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ بە ئامانجگرتنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە شاری هانۆی واژۆ کرد، ئهمه سەرەڕای دژایەتی کۆمەڵێک کۆمپانیای تەکنەلۆژی کە ترسیان هەیە دەقەکە ببێتە هۆی زیادبوونی سانسۆری حکوومەت.
ئاژانسی ههواڵی "فرانس پرێس" بڵاویكردووهتهوه، ئەم چوارچێوە یاساییە نوێیە نێودەوڵەتییە ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، کە چەندین شێوەی هەیە، لە پۆرنۆگرافیای منداڵانەوە تا دەگاتە ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارە.
لای خۆیهوه حكوومهتی ڤێتنام رایگەیاند کە نزیکەی 60 وڵات نیازی خۆیان بۆ واژۆکردنی ئەم یەکەم پەیماننامەیە راگەیاندووە.
پەیماننامەکە کاتێک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە هەریەک لە دەوڵەتانی واژۆکار له پهرلهمانهوه پەسەندی بکەن.
هاوكات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دڵخۆشی خۆی بەم "هەنگاوە گرنگە" دەربڕی و بە سهرهتایهكی گرنگ لهو بواره وهسفی كرد.
لە میانی مەراسیمی واژۆکردنی پەیماننامەکەدا لە پایتەختی ڤێتنام گۆتێرێس گوتی: هەموو ڕۆژێک ساختەکاریی ئاڵۆز خێزانەکان لەناو دەبات و دزی لە کۆچبەران دهكرێت و ملیارەها دۆلار لە ئابووریی ئێمە دهدزرێت، بۆیه پێویستمان بە وەڵامێکی جیهانی بەهێز و یەکگرتوو هەیە.
جێی باسه، لە ساڵی 2017 دا رووسیا یەکەم وڵات بوو کە پێشنیاری رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، کە ساڵی رابردوو بە کۆی دەنگ دوای دانوستانێکی درێژخایەن پەسەندکرا.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.