مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، کە بە ڕەچەڵەک عێراقییە، لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستبەکاربوونی ڕایگەیاند، دەیەوێت جارێکی دیکە عێراق گەورە بکاتەوە و لە ڕێگەی دروستکردنی پردی پتەو لەگەڵ ئەمریکادا، ئاشتی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکە بەدیبهێنێت.
ئەمڕۆ شەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، مارک ساڤایا، بازرگانی ئەمریکیی بە ڕەچەڵەک عێراقی ڕایگەیاند، دەیەوێت جارێکی دیکە عێراق گەورە بکاتەوە.
ئەمە دوای چەند ڕۆژێک دێت لە دەستنیشانکردنی وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە.
ساڤایا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "کلدان پرێس"، گوتوویەتی: "دەمەوێت جارێکی دیکە عێراق گەورە بکەمەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، دەیەوێت "لە ڕێگەی دروستکردنی پردی پتەو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا بەدیبهێنێت".
جەختیشی کردووەتەوە، "عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر دەبێت و هیچ سنوورێک بۆ تواناکانی نییە".
جێگەی باسە، دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "تروس سۆشیاڵ"، ڕایگەیاندبوو کە مارک ساڤایا پۆستی نێردەی تایبەتی بۆ عێراق وەردەگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.