یەکێتی ئەوروپا ئهمڕۆهەینی ههردوو ئهپی مێتا و تیک تۆکی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان (DSA)، کە ئەگەری زۆرە سزایهكی دارایی زۆریان لەسەر بدرێت .
ئاژانسی ههواڵی جیهانی "فرانس پرێس" بڵاویكردووهتهوه، کۆمیسیۆنی ئەوروپا مێتا و تیک تۆکی تۆمەتبار کردووه بەوەی کە نەیانتوانیوە دەستڕاگەیشتنێکی گونجاو بە توێژەران بگهیهنن بە زانیارییە ناوخۆییەکانیان، سەرەڕای ئەوەی یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان داوایان لێدەکات کە ئەو کارە بکەن بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، پرۆسەی دەستڕاگەیشتن بەم داتایانە درێژخایەن و ئاڵۆزە، ئەمەش ئەرکی توێژەرانی سەربەخۆ ئاڵۆزتر دەکات کە کار لەسەر بابەتگەلێکی بەرژەوەندی گشتیی دەکەن، وەک پاراستنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بە شێوەی ئۆنلاین، زانیاری هەڵەی میدیا، یان کاریگەرییە زیانبەخشەکانی سۆشیال میدیا لەسەر تەندروستی دەروونی.
هاوکات، برۆکسل مێتا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە نەیتوانیوە میکانیزمی روون و ئاسان بۆ بەکارهێنان بۆ ڕاپۆرتکردن و چارەسەرکردنی ناوەڕۆکی نایاسایی لە فەیسبووک و ئینستاگرام جێبەجێ بکات، وەک لە یاسای خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکاندا هاتووە.
بەپێی ئەم یاسایە، پلاتفۆرمەکان دەبێت ڕێگە بە هەر کەسێک یان لایەنێک بدەن داوای لابردنی ئەو ناوەڕۆکە بکات کە بە نایاسایی دەزانن، وەک قسەی نهشیاو، پۆستەکانی پەرەپێدانی تیرۆر، یان پۆرنۆگرافیای منداڵان.
جگه لهوه یهكێتی ئهوروپا بۆچوونی وایه كه رێکارەکانی گهڕان و بهدواداچوون لە فەیسبووک و ئینستاگرام ئاڵۆزن و پێویستی بە چەندین قۆناغ هەیە تا رووکارە چەواشەکارەکان لا ببردرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.