Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 07:03

دۆناڵد ترەمپ: ئێران هێزی جارانی نەماوە و ئێستا تەنیا شەڕ بۆ مانەوە دەكات

کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای دەكات، دوای هێرشە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران، ئێستا ئەو وڵاتە هێزی جارانی نەماوە و تەنیا شەڕ بۆ مانەوەی خۆی دەكات، ئاماژە بەوەش دەكات كە تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیی پەیجەر بە فەرمانی راستەوخۆی ئەو ئەنجامدران.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری (TIME) كە ئەمڕۆ هەینی بڵاو كراوەتەوە، چەندین نهێنی ئاشكرا كردووە و دەڵێت: گورزی كوشندەمان لە سەرجەم توانا ئەتۆمییەكانی ئێران دا، ئۆپەڕاسیۆنی هێرشەكانمان بە بەشداری 100 فڕۆكە و ماوەی 37 كاتژمێری خایاند.

دەشڵێت: ئێران توانای جارانی نەماوە و ناتوانێت بە چەكی ئەتۆمی هەڕەشە بكات، شەڕی ئێستای ئەو وڵاتە تەنیا بۆ مانەوەیە.

هەروەها دەڵێت: ئەگەر ئێران هێزی جارانی مابووایە، هەرگیز ڕێككەوتنی ئاشتی لە غەزە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام نەدەدرا.

لەبارەی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە: ئەگەر حەماس لە پڕۆسەی ئاشتی غەزە بكشێتەوە، كۆتایی پێدێت و بەیەكجاری لەناو دەچێت.

سەرۆكی ئەمریكا نەشی شاردەوە كە ئیسرائیل لە سەرجەم ئۆپەڕاسیۆن و هێرشەكانی رابردوو بۆ سەر ئێران و غەزە و سووریا ئاگاداری ئەمریكای كردۆتەوە، بەتایبەتیش ئۆپەڕاسیۆنی تەقاندنەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیی پەیجەر دژی حزبوڵا كە بە فەرمانی راستەوخۆی ئەوەوە ئەنجامدران.

گوتیشی كە بەمزووانە و پێش هاتنی ساڵی نوێ رێككەوتنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان لەنێوان سعوودییە و ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت.

لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا، دۆناڵد ترەمپ جەختی كردۆتەوە كە توانیویانە بەتەواوی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆرن، ئێستا هیچ هەڕەشەیەكی چەكی ئەتۆمی و شەڕێك لە ناوچەكە نەماوە، دوای تێپەڕبوونی سێ هەزار ساڵ توانیان ئاشتی بۆ تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێننەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.