وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی بۆ نووسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی کوردستان پێک هێناوە و بە پێی ئەو چاکسازییەی لە شێوازی کاری پۆلیسدا دەکرێت، میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان پەیڕەو دەکرێت.
دوای نیوەڕۆی چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یەکێک لەو لێژنانە کرد کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک و پەیکەر و شێوازی مامەڵە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان ڕاسپێردراون.
بە پێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان "وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دیدارە و پوختەیەکی لەسەر دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مسرور بارزانی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاووڵاتیان خستە ڕوو کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان".
ڕێبەر ئەحمەد هەروەها باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانیی هاووڵاتیانی کوردستان بگونجێت.
ئاماژەی بەوەش کرد "بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس ،هاوشان لەگەڵ لێژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نوسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپێردراون".
وەزیری ناوخۆ لێژنەکەیی ڕاسپارد بیرۆکە و وردەکاریی ئەو پڕۆژەیە لە گەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە ڕێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و وۆرک شۆپ بەش بکرێت و ڕا و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بەهەند وەربگیرێ. هەروەها سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتیی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێ.
لە لایەکی دیکە وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێویستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کۆمەڵگەیی بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام ڕاسپارد.
پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتیی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکوو یەکەی بنەڕەتیی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان، و چەندین تەوەری دیکە بە وردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.