ئەمڕۆ چوارشەممە چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگای ئەنباڕ هێرش دەكەنە سەر دوو شوانكارە و هەردووكیان دەكوژن، هێزە ئەمنییەكانیش دەستیان بە كێوماڵكردنی ناوچەكە كردووە بۆ دۆزینەوەی چەكدارەكان.
رووداوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بیابانی نوخەیبی لە سنووری پارێزگای ئەنباڕ روویداوە.
چەكدارە داعشەكان هێرشیان كردۆتە سەر دوو شوانكارەكە و هەردووكیان كوشتوون، هەروەها تانکەرێکی ئاو و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی شوانکارەکان لە شوێنی رووداوەكە لەلایەن چەكدارەكان سوتێنراون.
دوای رووداوەكە چەكدارانی داعش بۆ شوێنێكی نادیار رایان كردووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەبارەی رووداوەكە رایگەیاند: لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە و هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە كێوماڵكردنی ناوچەكە كردووە بۆ دۆزینەوە و ڕاوەدوونانی چەكدارەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.