كۆشكی كرێملن ئهمرۆ چوارشەممە 22ی تشرینی یهكهم، پشتڕاستی کردەوە کە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ڤلادیمێر پووتین و دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترهمپ بێ هیوایی خۆی له دیدارهكه به فهرمی راگهیاند.
ئاژانسی ههواڵی جیهانی "فرانس پرێس" بڵاویكردووهتهوه، ترەمپ تا دێت بێزاری خۆی دەردهبڕێت لە رەتکردنەوەی رووسیا بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست لە شەڕی نزیکەی چوار ساڵەی ئۆکراینا، دوای ئەوەی نەیتوانی پووتین ڕازی بکات بۆ كهمكردنهوهی مهرج و داواکارییەکانی.
ڤلادیمێر پووتین و دۆناڵد ترهمپ، لە مانگی ئابی رابردوودا لە ئالاسکا دیدارێكی تایبهتیان ئەنجامدا، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتیی لێنەکەوتەوە و نهبووه فریادڕهس بۆ ئۆكراینا.
دۆناڵد ترامپ ههفتهی رابردوو بۆ میدیاكان رایگەیاند، کە بەنیازە لەگەڵ پووتین لە بوداپێست کۆببێتەوە، بەڵام دوێنێ سێشەممە پلانەکەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند کە نایەوێت بەشداری گفتوگۆی "بێ کەڵک" بکات.
لاى خۆیهوه، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین کاتێک پرسیاری لەبارەی لێدوانەکانی ترەمپ کرا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووه: "کەس نایەوێت کات بەفیڕۆ بدات، نە سەرۆک ترهمپ و نە سەرۆک پووتین".
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی تاس لە رووسیا لە زاری سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، "دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەکە بەردەوامن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.