یازدهمین عومڕهکاری کورده لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد و گوتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان دەڵێت، خاوەن کۆمپانیاکەمان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی هەرچی زووە مامەڵەکانی ئەو عومڕەکارە تەواو بکرێت و لەوێ بە خاک بسپێردرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2025، عومڕەکارێکی کورد بە ناوی (حمادی عەلی محەمەد) لە شاری مەدینەی منەوەرە لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد. ئەمەش یازدهمین عومڕهکاری کورده کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کاتی بەجێهێنانی فەریزەی عومڕە لەو وڵاتە گیان لەدەست بدات.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان، ڕایگەیاند: عومڕەکارەکە خەڵکی ناحیەی بشیریانی سەر بە قەزای بەردەڕەشە بووە و تەمەنی 87 ساڵ بووە. بە بڕیارێکی کەسوکاری و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیارە هەر لە شاری مەدینە بە خاک بسپێردرێت.
کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ خاوەن کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە کە گەشتی عومڕە بۆ هاووڵاتییان ڕێکدەخەن، و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەر هاوکاری و ئاسانکارییەک کە لە شاری مەدینە پێویست بێت. گوتیشی: "خاوەن کۆمپانیاکەمان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی هەرچی زووە مامەڵەکانی ئەو عومڕەکارە تەواو بکرێت و لەوێ بە خاک بسپێردرێت."
گوتەبێژەکەی حەج و عومڕەی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "ئێمە بەناوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو عومڕەکارە دەکەین و داواکارین لە خوای گەورە جێگەی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە کەسوکاری ببەخشێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.