سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای دەكات كە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان بەهۆی نەخۆشكەوتنی بەپەلە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و پزیشكەكان ئامۆژگارییان كردووە ماوەیەك پشوو بدات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوی كردەوە: بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تووشی نەخۆشی هەوكردنی بۆڕییەكانی هەناسە بووەتەوە و بەپەلە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
بڵاویشی كردەوە: نەتانیاهۆ بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و پزیشكەكان ئامۆژگارییان كردووە بۆ ماوەیەك پشوو وەربگرێت.
نەتانیاهۆ دوێنێ سێشەممە لە كاتی ئامادەبوونی لە دانیشتنێكی دیكەی دادگا لە تەلئەڤیڤ داوای لە دادوەر كردبوو بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە رێگەی پێ بدات دادبینییەكە تەواو نەكات و داواكەشی قبووڵ كرابوو.
لای خۆشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رۆژی دووشەممەی رابردوو داوای لە دادگای ئیسرائیل كردبوو سەرجەم تۆمەتەكان دژی نەتانیاهۆ بكێشننەوە، راشیگەیاندبوو كە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون ململانێی سیاسین.
لە دادگای تەلەئەڤیڤەوە كۆمەڵێك تۆمەت ئاراستەی نەتانیاهۆ و سارای هاوسەری كراون، لەوانە وەرگرتنی زیاتر لە 260 هەزار دۆلاری ئەمریكی و وەرگرتنی چەندان دیاری وەك شامپانیا و جگەرە و زێڕ و زیوە لە سەرمایەداران لەبەرامبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سیاسییەكاندا.
هەروەها نەتانیاهۆ بەوە تۆمەتباركراوە كە لە ماوەی رابردوودا بەتایبەت لە هەڵبژاردنەكاندا، دەزگا راگەیاندنەكانی ئیسرائیلی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.