فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، ڕایگەیاند: لەبارەی چۆنیەتیی یەکخستنی هێزەکانیان لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کاتیی سووریا، گەیشتوونەتە "ڕێککەوتنێکی سەرەتایی".
ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، مەزڵوم عەبدی، درەنگانی شەوی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەناو بنکەیەکی سەربازی لە شاری حەسەکە، بە فرانس پرێسی گوت: "نوێترین شت لە گفتوگۆکانی دواییمان لە دیمەشق، سووربوون و ئیرادەی بەهێزی هاوبەشە بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی" ڕێککەوتنی 10ی ئازاری.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا، لە ١٠ی ئازار ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە چەند بڕگەیەکی لەخۆ گرتبوو، لەسەروویانەوە یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کورد لە دامەزراوە نیشتمانییەکاندا تا کۆتایی ساڵ. بەڵام جیاوازیی بۆچوون لە نێوان هەردوو لایەندا ڕێگای لە پێشڤەچوون لە جێبەجێکردنیدا گرت.
فەرماندەی هەسەدە بە فرانس پرێسی راگەیاند: "خاڵی هەرە گرنگ گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە چۆنیەتی یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە (هێزەکانی سووریای دیموکرات) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (کوردی) لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا."
بە گوتەی عەبدی، "ئێستا دوو شاندی سەربازی و ئەمنی لە هێزەکانی، بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی یەکخستنیان لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا لە دیمەشقن".
عەبدی ڕوونیکردەوە: "قەسەدە لە کاتی یەکخستنیدا لە چوارچێوەی پێکهاتەی وەزارەتی بەرگریدا، لە چەندین پێکهاتەی جیاوازدا، دووبارە ڕێک دەخرێتەوە، و ناوی نوێی دەبێت، بە شێوەیەک کە لەگەڵ سیستەمی پەیڕەوکراو لە وەزارەتی بەرگریدا بگونجێت." لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە ناوی هێزەکانی وەکو "ناوێکی مێژوویی" دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی "داستانەکانی پاڵەوانێتی دژ بە داعش و هەموو داگیرکەرانی" ناوچەکە تۆمار کردووە.
هەفتەی ڕابردوو، عەبدی و شەڕع کۆبوونەوەیەکیان لە دیمەشق بەڕێوەبرد، بە ئامادەبوونی نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، تۆم باراک، و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم)، بڕاد کوپەر، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ پێشخستنی گفتوگۆکان.
هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایش، کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکی هێناون، نزیکەی سەد هەزار چەکداریان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.