Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 16:06

لە دهۆک ئوتۆمبێلێکی سووتەمەنی تەقییەوە و دوو کرێکار گیانیان لە دەست دا

کوردستان TV
100%

بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو لە ناوچەی کواش ئاگرێک لە پاڵاوگەیەک کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا دوو کرێکار گیانیان لەدەست داوە و کرێکارێک و شۆفیری تانکەرێکی سووتەمەنی بە سەختی بریندار بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 13ێ تشرینی یەکەم، بەرگریی شارستانیی دهۆک ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو، ژووری کۆنترۆڵی بەرگریی شارستانیی دهۆک (115) لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەیەکی کواش ئاگادار کرانەوە و هێزەکانی بەرگریی شارستانیی قەزای سێمێل بە هاوکاریی بنکەی ناحیەی باتێل لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوون و توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

لەبارەی ئەم ڕووداوەوە عەقید ڕێبوار عەبدولعەزیز حەمید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک بە ئومێد نزار، پەیامنێری کوردستان تیڤیی ڕاگەیاند: "لە پاڵاوگەیەکی سووتەمەنی کە ناوی خاوەنەکەی شەهاب حامید ساڵحە، لە کاتی بەتاڵکردنی سووتەمەنی، پلەی گەرمیی ئامێرەکان بەرزبووەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی تانکەری سووتەمەنیی پاڵاوگەکە ئاگر بگرێت".

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتیشی: "لە دوای گڕکردنی تانکەرەی سووتەمەنیی پاڵاوگەکە، تانکەری ئوتۆمبێلێکی هەڵگری سووتەمەنی تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا دوو کرێکار بە ناوکەکانی مەسعوود حوسێن (تەمەن 23 ساڵ) و ڤیدار دیندار (تەمەن 19 ساڵ) گیانیان لە دەست داوە.

ئاماژەی بەوەش کرد لەم ڕووداوەدا شۆفیری تانکەرەکە جەستەی بە ڕێژەی 85٪ سووتاوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی سووتاوانی پارێزگای دهۆک لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.